ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان شوناسی نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیای هاوردەدا ڕەند مەریوانی سەرپەرشتیاری گشتی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان! ڕۆشنبیران و تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری!
هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەوەی ببێتە بزوێنەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاری، دەبێت لە ناو جەرگەی خاکی خۆی و لەسەر بنەمای واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو ژینگەیە بڕوێت کە خەباتی تێدا دەکات. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن تایبەتمەندییەکی مێژوویی، فیکری و سیاسی جیاوازە، کە وا دەکات هەر جۆرە "ئایدۆلۆژیایەکی هاوردە" کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم پارچەیە داڕێژرابێت، تووشی جۆرێک لە "نامۆیی و دابڕان" بێت لەگەڵ جەماوەردا.
ئەجێندای پژاک؛ لە نێوان "ئاپۆیزم" و واقیعی ڕۆژهەڵاتدا
ئێمە لە "بزووتنەوەی ئایندە" پێمان وایە کە یەکێک لە گرفتە بنەڕەتییەکانی پژاک، بەستراوەتەوەبە فیکرو ڕێکخراوییەتی ئایدۆلۆژیایەک کە لە باکووری کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم پرسە چەند خاڵێکی جەوهەری دەوروژێنێت:
نامۆیی ئایدۆلۆژی: تیۆرییەکانی وەک "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" یان "نەتەوەی دیموکراتیک"، کە بناغەی فیکری پژاک پێکدەهێنن، زۆرتر وەک وەڵامێک بۆ دۆخی سیاسی تورکیا و باکوور داڕێژراون. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندی "ناسیۆنالیزمی کوردی" و "مافی دیاریکردنی چارەنووسە" جێگرتنەوەی شوناسی نەتەوەیی بە چەمکە ئاڵۆزە ئایدۆلۆژییەکان، جۆرێک لە لێڵبوونی ئامانجە نەتەوەییەکانی لێدەکەوێتەوە کە لەگەڵ ویستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا ناتەبایە.
جیاوازی داگیرکەران: شێوازی داگیرکەریی ڕژێمی ئێران (کە سیستەمێکی تیۆکراسی، مەزهەبی و ناوەندگەرایە) جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا. ئەو میتۆدە خەباتەی کە لە بەرامبەر کەمالیزمدا سەرکەوتوو بووە، مەرج نییە لە بەرامبەر ئاخوندیزمدا ئەنجامی هەبێت. پژاک بەهۆی پاشکۆیەتی فیکری بۆ ناوەندێکی تر، نەیتوانیوە ستراتیژێکی "ڕۆژهەڵاتییانە" داڕێژێت کە لەگەڵ جومگەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا تێکەڵ بێت.
سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی: یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی خەباتی نەتەوەیی، "سەربەخۆیی بڕیار"ە. کاتێک ئەجێندایەکی سیاسی لە دەرەوەی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتەوە ئاڕاستە دەکرێت، زۆرجار بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانی هاوکێشە هەرێمایەتییەکانی پارچەکانی تر. ئەمەش وای کردووە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات، بە گومانەوە تەماشای ئەو جۆرە ئەجێندانە بکات کە شوناسێکی "پۆست-نەتەوەیی"یان هەیە.
کۆمەڵانی خەڵک!
ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە گوتارێکی نەتەوەیی هەیە کە "کوردستان-تەوەر" بێت. گوتارێک کە لە ناو زانکۆکان، بازاڕەکان و شەقامەکانی مەهاباد و سنە و کرماشانەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئێمە ڕێز لە خەباتی هەموو پارچەکان دەگرین، بەڵام پێمان وایە تێکەڵکردنی ئایدۆلۆژیای پارچەکان و سەپاندنی مۆدێلێکی یەکپۆشی فیکری، خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵات ناکات.
کاتی ئەوە هاتووە:
هاو وڵاتیانی ڕۆژهەڵات بگەڕێنەوە سەر چەقی "بەرژەوەندی نەتەوەیی" و ڕێگە نەدەن هیچ ئەجێندایەکی نامۆ، وزەی گەنجانی ئێمە لە پێناو ئامانجە ناڕوونەکاندا بەفیڕۆ بدات. گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئێراندا تەنها بە یەکگرتووییەک دەبێت کە ڕەگی لە ناو خاکی کوردستاندا بێت و بڕیارەکەی لای ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات بێت.
بەرەو ئایندەیەکی نەتەوەیی، سەربەخۆ و دیموکرات
8665 جار خوێندراوهتهوه